Judges 3

1ئەوانە ئەو نەتەوانەن کە یەزدان بەجێی هێشتن، بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکاتەوە، هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە شارەزاییان نەبوو دەربارەی هیچ کامێک لە جەنگەکانی کەنعان، 2جا ئەوەی تەنها بۆ فێرکردنی نەوەی ئیسرائیل کرد بۆ جەنگ، ئەوانەی کە پێشتر شارەزاییان لە جەنگ نەبوو، 3پێنج حوکمڕانەکەی فەلەستییەکان و هەموو کەنعانی و سەیدائی و حیڤییەکانی دانیشتووی زنجیرە چیای لوبنان، لە چیای بەعل‌حەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات. 4ئەمانە بۆ تاقیکردنەوەی ئیسرائیل بوون، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاخۆ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان دەبن، ئەوانەی لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە باوباپیرانیان دابوو.

5ئیتر کوڕانی ئیسرائیل لەنێو کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکاندا نیشتەجێ بوون. 6کچەکانیان هێنان وەک ژن بۆ خۆیان و کچەکانی خۆشیان دا بە کوڕەکانی ئەوان و خوداوەندەکانی ئەوانیان پەرست.

عۆسنیێل

7جا نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لەبیر چووەوە و بەعلەکان و ئەشێراکانیان پەرست. 8تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا، لەبەر ئەوە ڕادەستی کوشەن ڕیشعاتەیمی
ڕیشعاتەیم واتا دوو ئەوەندە بەدکار.‏
پاشای میسۆپۆتامیای
میسۆپۆتامیا: عیبری (ئارامی دوو ڕووبار) بە واتای وڵاتی ئارام کە دەکەوێتە نێوان دجلە و فورات.‏
کردن. ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەشت ساڵ ژێردەستەی کوشەن ڕیشعاتەیم بوون.
9ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە و ڕزگاری کردن، ئەویش عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب ئەوەی لەو بچووکتر بوو. 10ڕۆحی یەزدان هاتە سەری و ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. چوو بۆ جەنگ و یەزدانیش کوشەن ڕیشعاتەیمی پاشای ئارامی خستە ژێر دەستیەوە و بەسەر کوشەن ڕیشعاتەیمدا باڵادەست بوو. 11چل ساڵ خاکەکە لە ئاشتیدا بوو، ئینجا عۆسنیێلی کوڕی قەنەز مرد.

ئێهود

12دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، لەبەر ئەوە عەگلۆنی پاشای مۆئابی زاڵ کرد بەسەر ئیسرائیل، چونکە لەبەرچاوی یەزدان بەدکارییان کرد. 13جا عەگلۆن عەمۆنی و عەمالێقییەکانی لە خۆی کۆکردەوە، چوو و ئیسرائیلی بەزاند، دەستی بەسەر شاری دار خورمادا گرت. 14ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەژدە ساڵ ژێردەستەی عەگلۆنی پاشای مۆئاب بوون.

15ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە، ئێهودی کوڕی گێرای بنیامینی، پیاوێکی چەپلەر
چەپلەر: چۆپان، ئەوەی کار بە دەستی چەپ دەکات.‏
بوو. نەوەی ئیسرائیلیش سەرانەیان بە دەستی ئەودا نارد بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب.
16ئێهود شمشێرێکی دوو دەمی بۆ خۆی دروستکرد کە درێژییەکەی باڵێک
نزیکی نیو مەتر.‏
بوو، لەژێر جلەکانییەوە لەسەر ڕانی ڕاستی لە خۆی بەست.
17سەرانەکەی بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب هێنا، عەگلۆنیش پیاوێکی زۆر قەڵەو بوو. 18کاتێک ئێهود لە ڕادەستکردنی سەرانەکەی بووەوە، هەڵگرانی سەرانەکەی ڕەوانە کرد. 19بەڵام ئەو لەلای بتەکانی گلگالەوە گەڕایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، پەیامێکی نهێنیم پێیە بۆت.»

ئەویش گوتی: «بێدەنگ بن!» ئینجا هەموو ئەوانەی لەلای وەستا بوون چوونە دەرەوە.

20ئیتر ئێهود هاتە ژوورەوە بۆ لای بۆ ژوورە فێنکەکەی سەرەوە کە لێی دانیشتبوو و بە تەنها هی خۆی بوو، ئێهود گوتی: «پەیامی خودام لەلایە بۆ تۆ.» ئەویش لەسەر کورسییەکە هەستا. 21ئێهودیش دەستی چەپی درێژکرد و شمشێرەکەی لە ڕانی ڕاستی کردەوە و کردی بە ورگی دا. 22دەسکەکەشی لەدوای تیخەکە چووە ناوەوە و تیخەکە لە پشتی دەرچوو. ئێهود شمشێرەکەی لە ورگی ڕانەکێشایەوە، پیوەکەی
پیوەکە: واتا بەزەکە.‏
هاتەوە سەر شمشێرەکە و پیساییەکەی هاتە دەرەوە.
23ئینجا ئێهود چووە دەرەوە بۆ هەیوانەکە، دەرگاکانی سەرەوەی بەدوای خۆیدا داخست و کلیلی دان.

24لەدوای ئەوەی ڕۆیشت، خزمەتکارەکان هاتن و بینییان دەرگاکانی ژوورەکەی سەرەوە داخراوە، بۆیە گوتیان: «بێگومان لە ژوورە فێنکەکە لە ئاودەستە.» 25ئیتر چاوەڕێیان کرد هەتا نیگەران بوون. کاتێک بینییان دەرگاکانی سەرەوە ناکاتەوە، بۆیە دەستیان دایە کلیلەکە و کردیانەوە، بینییان گەورەکەیان لەسەر زەوی بە مردوویەتی کەوتووە.

26بەڵام کاتێک ئەوان لە چاوەڕوانی بوون ئێهود دەرباز بوو، بەلای بتەکانیاندا تێپەڕی و دەرباز بوو بۆ سێعیرا. 27کاتێک هات لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم کەڕەنای لێدا و کوڕانی ئیسرائیل لەگەڵی لە چیاکە هاتنە خوارەوە و ئەو لەپێشیانەوە بوو.

28پێی گوتن: «دوام بکەون، چونکە یەزدان دوژمنە مۆئابییەکانی ئێوەی خستە ژێر دەستتان.» ئەوانیش بەدوایدا هاتنە خوارەوە و تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان گرت کە دەچووە مۆئاب و نەیانهێشت کەس تێبپەڕێت. 29لەو کاتەدا لە مۆئاب نزیکەی دە هەزار پیاویان کوشت، لە هەموو پاڵەوانێکی کەڵەگەت، کەس دەرباز نەبوو. 30مۆئابییەکان لەو ڕۆژەدا ژێردەستەی ئیسرائیل بوون، خاکەکەش هەشتا ساڵ لە ئاشتیدا بوو.

شەمگەر

31لەدوای ئێهود شەمگەری کوڕی عەنات بوو، کە شەش سەد پیاوی لە فەلەستییەکان بە گۆچانی گاوانی کوشت، هەروەها ئەویش ئیسرائیلی ڕزگار کرد.

Copyright information for CkbKSS